/   هەواڵی ئەنجومەن

بەسەرپەرشتی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا رێز لە 210 ئەفسەری سەربازی گیرا

2026-07-29
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەمووزی 2026، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرپەرشتی رێوڕەسم و دیدارێکی کرد بۆ رێزگرتن لە 210 ئەفسەری دەرچووی خوولی پێنجەمی پێگەیاندن لە کۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان.

لەو رێوڕەسمەدا کە لەسەر ئەرکی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی بەڕێوەچوو و هەریەک لە بەڕێزان فەریق روکن عومەر ساڵح فەرماندەی هێزەکانی 70 و سەرکەوت زەکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی رێکخستنی سلێمانی و چەمچەماڵ و لیوا روکن تەها محەممەد ئەمین راگری کۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان ئامادەیبوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر لە وتەیەکدا، بەناوی خۆی و هەڤاڵان بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و فەرماندە باڵاکانی پێشمەرگە پیرۆزبایی لە ئەفسەرە تازە دەرچووەکان کرد و پێی راگەیاندن؛ ئێوە دەبن بە بنچینەی سوپای یەکگرتووی کوردستان کە ئەرکی سەرەکی پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر میللەتەکەمانە، هەربۆیە دەبێت بەگیانێکی نیشتمانی کوردانەوە ئەرکەکانی سەرشانتان جێبەجی بکەن.

هاوکات خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە گەنجەکانی کوردستان، بەپەرۆشەوە روودەکەنە کۆلیژی سەربازی قەڵاچوان بۆ ئەوەی لەداهاتوودا ببنە فەرماندە و پارێزەری خاک و نیشتمان.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا، جەختیکردەوە کە ئەوەی لەئارادایە و ئێستا دەیبینن، هەروا بەئاسانی بەدینەهاتووە، لەو چوارچێوەیەدا کورتەیەکی لەسەر ئەو زوڵم و ستەمە پێشکەش کرد کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە؛ لە ئەنفال و جینۆسایدکردن و کیمیاباران و سوتماک کردنی خاکی وڵات و ئەو قوربانییە بێ شومارەی رۆڵەکانی گەلەکەمان پێشکەشیان کردووەو وتی: ئێمە لێرەوە، لەنێو ئەو هەموو ئازار و مەینەتییەوە هاتووین، نابێت ئێوە ئەو رابردووە پرشنگدارەی گەلەکەتان لەبیر بچێت، بەڵکو پێویستە لەو سۆنگەیەوە داکوکی لە دەستکەوتەکان بکەن و بەگیانێکی لەخۆبوردووەوە خزمەت بکەن و درێژەپێدەری رێبازی شەهیدان بن.

هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن، لەدرێژەی راسپاردەو ئامۆژگارییەکانیدا بۆ ئەفسەرە گەنجەکان، رایگەیاند؛ ئەمڕۆ ئێوە لێرەوە دەستپێدەکەن، ئەرکی سەرەکیتان پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و گێڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە، هیواشی خواست لە داهاتوودا هەموویان ببنە فەرماندەی لێهاتووی خزمەتکاری گەلەکەیان.

لەمیانەی رێوڕەسمەکەدا، هەریەک لە سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی رێکخستی سلێمانی و چەمچەماڵ و راگری کۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان وتەیان پێشکەش کرد و پیرۆزبایی و پشتیوانی خۆیان ئاراستەی ئەفسەران کرد. لەکۆتاییشدا، بەنوێنەرایەتی دەرچوانی خوولی پێنجەمی پێگەیاندنی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان،
 ژمارەیەک لە دەرچوان، بڕوانامەی رێزلێنان و پیرۆزباییان پێشکەشکرا.

 

زیاتر بخوێنەوە