/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە

2026-11-15

ئەمڕۆ یەکششەممە 15ی تەشرینی دووەم، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازیکرد لە ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان.

لەکۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە هەڤاڵانی ئەنجومەن و هەڤاڵ سەمیر هەورامی لێپرسراوی بۆردی حکومەت و ئەندامانی بۆردەکە ئامادەیبوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ بڕیارەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتکردەوەو
 تیشکی خستەسەر دوا پێشهاتەکانی بارودۆخی کوردستان و سوپاسی هەڵوێستی نیشتمانی و مەردانەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی کرد کە جوامێرانە هەڵوێستیان وەرگرت و بەشداریی دانیشتنەکەی 4ی تەشرینی دووەمیان نەکرد، هەروەک سوپاسی تەواوی فراکسیۆنی لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستانی کرد کە هەمان هەڵوێستیان هەبوو و بەشداریی دانیشتنێکیان نەکرد کە مەترسی جددی بۆسەر یەکڕیزی کورد و کوردستان دروستکردووە، لەو بارەیەوە تەئکیدی کردەوە کە مرۆڤ و حزبی سیاسی، بەهەڵوێست و خۆڕاگرییەوە جوانن و لە کۆتاییدا ئەو هەڵوێستانە دەمێننەوەو دەبنە بەشێک لە مێژووی کەسەکان و حزبە سیاسییەکان.

لێپرسراوی ئەنجومەن، کورتەیەکی لەسەر مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشکەش کرد کە لەدوای هەرەسی شۆڕش لەساڵی 1975 لە تاریکی بێ هیواییدا ئومێدی بە کۆمەڵانی خەڵک بەخشی و بەرەنگاریی دەسەڵاتی بەعس بووەوەو شۆڕشی هەڵگیرسانەوە. لەدوای سەرخستنی راپەڕینی ئازاری 1991یش بەدەستپێشخەری سەرۆک مام جەلال و یەکێتی هەڵبژاردن کرا و پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم پێکهێنرا، هەربۆیە یەکێتی خاوەنی راستەقینەی وڵات و دەستکەوتەکانێتی و پێویستە هەموومان شانازی بەیەکێتیبوونمان و سیاسەت و پلانەکانی یەکێتییەوە بکەین.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەوەکرایەوە کە یەکێتی بەبەرنامەیەکی نوێوە لەهەوڵێکی بێ وچاندایە بۆ دەستبەرکردنی ماف و داخوازییەکانی خەڵک و باشترکردنی ژیان و گوزرەرانیان و لەو پێناوەشدا ئامادەی هەموو قوربانیدانێکەو لەم رووشەوە کۆمەڵانی خەڵک لەتەواوی ناوچەکانی کوردستاندا پشتیوانی لەو هەڵوێستەی یەکێتی دەکەن.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا لێپرسراوی بۆردی حکومەت و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان تێڕوانین و گۆشەنیگای خۆیان لەمەڕ دوا پێشهاتەکان دەربڕی و جەختیان لەسەر پشتیوانیکردنی بڕیارەکانی سەرۆکی یەکێتی کردەوە.

زیاتر بخوێنەوە