/   کوردستان

جێگری سەرۆکی هەرێم رۆڵی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیای بەرز نرخاند

2026-07-14
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٦/٧/١٤ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازییکرد لە بەڕێزان ماتیاس ڤێلەر، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و کۆلۆنێل پیچا، فەرماندەی سەربازیی هێزی ئەڵمانیا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدان و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش کردەوە، هەروەها هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە و گرنگیی بەردەوامیی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيدا بۆ پێشمەرگە، تاوتوێکران.

بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم سوپاس و پێزانينی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی به‌رده‌وامى ئەڵمانیا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه و رۆڵی هێزی ئەڵمانیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە ناوچەکەدا بەرز نرخاند.

پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

زیاتر بخوێنەوە