ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٦/١١/٤ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شازادە خانم بەسمە کچی پادشای کۆچکردوو (تەلال کوڕی عبدالله) ی ئوردن و شاندێکی یاوەری، کرد.
لە دیدارەکەدا، بەڕێز جێگری سەرۆک وێڕای بەخێرهاتنیان و پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانە و دیپلۆماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردنی بە گرنگ زانی، هەروەها هاتنی بەڕێزیان لەپێناو خزمەتکردنی مافی منداڵان و گەنجان و هۆشیارکردنەوەیان لە نێو ئاڵنگارییەکانی ژیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە بەڕێز شازادە خانم خۆشحاڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و بانگهێشت نامەکەی بۆ شاری سلێمانی و بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستی دەربارەی منداڵان و گەنجان و هەروەها ئاستی بەرز و توانای پێکەوەژیانی کوردستانیان بە گشت چین و توێژ و پێکهاتەکانیەوە لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.