ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەمووزی 2026، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، پێشوازیکرد لەنوێنەرانی هۆزی تەی/ گردبوونەوەی هۆزەکانی ئال حەفازو ژمارەیەک لەسەرۆک هۆزو نوێنەرانی هۆزەکانی کوردستان.
لەدیدارێکدا، سەرەتا هەڤاڵ شێخ جەعفەر، خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی سەرۆک تیرەکانی هۆزی تەی دەربڕی کە لەباشووری عێراقەوە هاتبوون و ئامانجیان لەو سەردانە؛ پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەرەبەو سوپاسی دەستپێشخەرییەکەیانی کردو پێیڕاگەیاندن هۆزی تەی هۆزێکی گەورەو گرنگی عیراقەو دەتوانێت رۆڵی هەبێت لەدروستکردنی رایەڵەی بەهێز لەنێوان خەڵکی هەرێم و دانیشتووانی ناوچەکانی تری عیراق.
دواتر تیشکی خستەسەر مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەرەب و وتی: وەکو دوو گەل، کورد و عەرەب دۆست و دراوسێی یەکترن، بەڵام دەسەڵاتدارانی پێشووی عیراق هەردەم دژایەتی کوردیان کردووە، روونیکردەوە؛ کورد بەردەوام لەهەوڵدابووە بۆ بەئاشتی چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق، بەڵام بە ئاگرو ئاسن وەڵامدراوەتەوە، بۆیە پەنای بردووەتەبەر شۆڕشی چەکداریی.
باسی لەوەشکرد، کە هاتووچۆی نێوان وەفدە کوردی و عەرەبییەکان بۆ ناوچەکانی یەکتر ئەو تێڕوانینەی ناحەزان لەبەین دەبات کە هەوڵیان دەدا کوردو عەرەب بکەن بە دوژمنی یەکتر. ئەوەی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە لەکاتی راپەڕینەکەی 1991 دا واتە سێ ساڵ دوای ئەنفالکردنی کوردستان و سوتماک کردنی خاکەکەی و زیندبەچاڵکردنی رۆڵەکانی، کاتێک هەزاران سەربازی عیراقی بەدیلی کەوتنە دەست پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان، لەبری تۆڵەکردنەوە داڵدەدران و خزمەتکران و پاشان بەڕێزەوە بەرەوە ناوچەکانی خۆیان بەڕێکران، ئەوەش بەڵگەیەکی روونە لەسەر دڵپاکی و نیازپاکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لێپرسراوی ئەنجومەن، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێشخەریی وەفدی میوان، باسی لەوەکرد کە کورد هەمیشە بڕوای بە پێکەوەژیان لەگەڵ پێکهاتەکانی تری عیراق هەیە، بەڵام شۆڤێنییەکان بەردەوام پێچەوانەی ئەو خواستەی کورد رەفتاریان کردووە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە گەلی عەرەبی عیراق چیتر بوار نەدەنە رەگەزپەرستان و پشتیوانی لە خواستە رەواکانی گەلی کوردستان بکەن.
دواتر شێخ دلێر شێخ مستەفا، کەسایەتی دیاری کوردستان، وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا سەرباری باسکردنی ئەو زوڵم و ستەمەی بەدرێژایی مێژووی عیراق لە کورد کراوە، ئاماژەی بەوەکرد کە لەسایەی عیراقی نوێی دوای رژێمی سەدامیشدا هێشتا ستەم لەجوتیارانی کورد دەکرێت لە کەرکوک و دەوروبەری و زەوییەکانیان داگیردەکرێت، بۆیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان سەرەتا پێویستە ئەو رەفتارانە رابگیرێن. لەلایەکی ترەوە هیوای خواست دەستپێشخەریی تیرەکانی باشووری عیراق ببێتە سەرەتایەک بۆ دانانی بناغەی پەیوەندییەکی دروست لەنێوان کورد و عەرەبدا.
لەبەرانبەردا، چەند شێخێکی عەرەب وتەیان پێشکەش کردو سەرسامی خۆیان بە میوان دۆستی و هەڵوێستی جوان و شارستانیانەی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی شاری سلێمانی، دەربڕی، هاوکات باسیان لە ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و هەموو ئەو زوڵم و ستەمە کرد کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق دژ بە کورد ئەنجامدران و سەرکۆنەیان کرد، هەروەها خواستی خۆیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و بانگهێشتکردنی نوێنەرانی چین و توێژەکان بۆ سەردانیکردنی باشووری عیراق دەربڕی.
هەر لەو دیدارەدا، ژمارەیەک لەنوێنەران و سەرۆک هۆزەکانی کورد تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بە دەستپێشخەریی تیرەکانی باشووری عیراق خستەڕوو.