/   هەواڵی ئەنجومەن

کتێبی " کڵپەی ژێر خۆڵەمێش" بیرەوەرییەکانی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بڵاوکرایەوە

2026-07-04
ئەمڕۆ شەممە 4ی تەمووز، بەئامادەبوونی هەڤاڵان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و رەفعەت عەبدوڵا جێگری سەرۆکی یەکێتی، لەڕێوڕەسمێکدا لە هۆڵی ئەنجومەن، کۆڕی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی " کڵپەی ژێر خۆڵەمێش"  کە بیرەوەرییەکی شیکاریی شێخ جەعفەر شێخ مستەفایە، بەڕێوەچوو.

لەو رێوڕەسمەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان، مامۆستایانی زانکۆ و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان، کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، نوێنەرانی ئۆرگانە حزبییەکان، ئامادەی بوون،  سەرەتا کورتە ڤیدیۆیەک سەبارەت بە ناساندنی کتێبەکە نمایشکرا. پاشان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە هاوکار و یارمەتیدەربوون لە ئامادەکردنی کتێبەکەدا، ئەوەشی دووپاتکردەوە کە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی هەوڵێکە بۆ بەشداریکردن لە نووسینەوی مێژووی پڕ شانازی میللەتەکەمان و بەرگری و قوربانیدانەکانی لەماوەی زیاتر لە نیو سەدەی رابردوودا، نیشاندانی نەهامەتییەکانی گەلی کوردستان و بەرگری لە بوونی خۆی، نەک ستایش و پێداهەڵگوتن و بەپاڵەوانکردنی هیچ کەسێکی دیاریکراو.

دواتر، ئامادەکاری کتێبەکە، وتەیەکی سەبارەت بە هەندێک لایەنی ناوەڕۆکی کتێبەکە پێشکەش کرد.

لە کۆتایی کۆڕەکەشدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، یەکەمین کۆپی لە کتێبەکەی واژۆکردو پێشکەشی کرد بە رۆحی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان و رادەستی ئالان رەوف بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی سلێمانی کرد، تاکو لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی دابنرێت، دوای ئەوەش واژۆکردنی کتێبەکە و پێشکەشکردنی بە ئامادەبووانی کۆڕەکە بەڕێوەچوو.

 کتێبی "کڵپەی ژێر خۆڵەمێش" لە دووتوێی دوو بەرگدا نووسراوەتەوەو لەلایەن نووسەرو رۆژنامەنووس کەیوان سەعید ئامادەکراوە، بەهاوکاری ستافێکی بەتوانا، دوای زیاتر لە دوو ساڵ دیدار و وەرگرتنی نووسین و لێدوان لە بەڕێز شێخ جەعفەر و چاوپێکەوتن و وتووێژ لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەو کاراکتەرانەی بەشێکن لەو یادەوەرییانە و تائێستا لەژیاندا ماون، هاتە بەرهەم.

هاوکات بەسەرپەرشتی دەرهێنەرو هونەرمەند کاروخ تەها و، بەشداریی ستافێکی پرۆفیشناڵ، بیرەوەرییەکان خوێندراونەتەوەو کراون بە کتێبێکی دەنگی و لەداهاتوویەکی نزیکدا بڵاودەکرێتەوە.

زیاتر بخوێنەوە