/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جەخت لەسەر بایەخی هەنگاوەکانی یەکخستنی پێشمەرگە دەکاتەوە

2026-06-01


ئەمڕۆ دووشەممە 1ی حوزەیرانی 2026، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیکرد لە هەریەک لە لیوا روکن زاتیار حەسەن زوبێر فەرماندەی فیرقەی چواری پیادەو، عەمید جەمال وارانی جێگری فەرماندەی فیرقە و عەمید رەفیق فەرماندەی لیوای 9ی پیادە و بەشێک لە لێپرسراوانی بەشەکانی فیرقە و فەرماندەو ئەفسەرانی فیرقە کە بەمەبەستی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی، سەردانی هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەنیان کرد.

لەدیدارێکدا هەڤاڵ شێخ جەعفەر، وێڕای پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی، باسی لەمێژووی پڕ لەشانازی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەسەرکردایەتی رابەری کۆچکردوو سەرۆک مام جەلال کرد کە لەپێناو ئازادی میللەتەکەمان رووبارێک خوێنی بەخشیووە، یەکێتی نوێش بەسەرکردایەتی سەرۆک بافڵ درێژەپێدەری هەمان رێبازی نیشتمانیانەی رابەری کوچکردووە. هاوکات دەستخۆشی لە فەرماندەی فیرقە و ئەفسەران کرد کە ماندوونەناسانە ئەرکە سەربازییەکانیان جێبەجێ دەکەن.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر بایەخی هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، بوونی سوپایەکی یەکگرتوی کوردستانی بەپێویستییەکی لەڕادەبەدەر زانی بۆ پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەو ئاڵنگارییەکان و پێی راگەیاندن؛ دەبێت ئێوە شانازی بەخۆتانەوە بکەن کە شەرەفی ئەوەتان پێبڕاوە ببنە بنەمای سوپای یەکگرتووی کوردستان، هەروەک پشتیوانی تەواوی خۆی نیشاندا بۆ سەرخستنی ئەرک و کارەکانی فیرقەی چوار و هەر کارو فەرمانێک کە یارمەتیدەربێت بۆ یەکخستنی تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

زیاتر بخوێنەوە