/   کوردستان

جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ڕاوێژکاری سەربازیی بریتانیا کۆبووەوە

2026-05-11


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٦/٥/١١ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕێز کۆڵۆنێڵ کریس هێڵیر، راوێژکاری سەربازیی بریتانیا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بەداعش، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی بریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها مه‌ترسييه‌كانى داعش و هه‌ڕه‌شه‌كانى له‌سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيرى ناوچەکە، گفتووگۆیان لەبارەوە کرا.

بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم سوپاس و پێزانينی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی به‌رده‌وامى بریتانیا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه و ڕۆلی هێزی بریتانیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە ناوچەکەدا بەرز نرخاند.

لەبەرانبەردا، بەڕێز کۆڵۆنێڵ کریس هێڵیر جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، لەپێناو گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە.

چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا و دوایین پێشهاته‌كانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

زیاتر بخوێنەوە