/   کوردستان

پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم لەساڵیادی رووخانی رژێمی بەعسی دیکتاتۆردا

2026-04-09
ئەمڕۆ بیست و سێ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر روخانی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراقدا، ئەو رژێمەی کە تەنها جەنگ و ماڵوێرانی کردبووە دەستکەوت بۆ گەلەکەی، حوکمی رژێمی بەعس لە عێراقدا لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ لەلایەن وڵاتانی ھاوپەیمان بە سەرکردایەتی ئەمریکا، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لەژێر ناوی (پرۆسەی ئازادکردنی عێراق) کۆتایی پێهات، کە نەهامەتی و خوێنڕشتنی کردبووە ناسنامە بۆ نەتەوەی کورد.
 
پێویست بوو عێراق لە دوای روخانی رژێمی دیکتاتۆر ببێت بە نمونەیەکی جوانی دیموکراسی و گەشەسەندوو لە گشت کایەکانی ژیان و حوکمڕانی لە ناوچەکەدا، بەڵام بەداخەوە دوای بیست و سێ ساڵ لە دامەزراندنی حکومەتی نوێی عێراق، ململانێ سیاسی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، عێراقی زیاتر بەرەو پەرتەوازەیی و حوکمی تاکڕەوی برد، هەر ئەمانەش وایانکرد کە بارودۆخی ناوچەکە لە ڕووی پێشهاتە سیاسی، ئەمنی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە نەگات بە کەنارێکی ئارام و سەقامگیر و خۆشگوزەران بۆ هاوڵاتییان.
 
هیوادارم پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێم لەسەر بنەمای کاری هاوبەش برەوی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، هەروەها حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە لەگەڵ کێشە سیاسی و ئابوری و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستاندا بکات و گفتووگۆکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات بە کلیلی چارەسەر بۆ کۆی ئەو کێشانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
 
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٤/٩

زیاتر بخوێنەوە