بە توندی سەرکۆنە و ئیدانەی ئەو هێرشە موشەکییەی سهر بارەگای فیرقەی ٧ـی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی سپیلکی سنووری قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەم، کە بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی ژمارەیەکی تر لە پێشمەرگەکانی ئەم بارەگایە.
بە داخەوە ئەم دۆخە ناهەموارەی کە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دەوروبەرمانەوە ڕووی لە هەرێم و ناوچەکەمان کردەوە جێگەی نیگەرانی هەموو لایەکمانە، کە ئامانج تیایدا تەنها تێکدانی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەیە، چونکە هەرێمی کوردستان بەهیچ جۆرێک بەشێک نەبووە لەم ئاڵۆزیی و شەڕ و پێکدانانەی کە لە نێوان چەند وڵاتێکدا هاتۆتە ئاراوە، بەردەوامبوونی ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هیچ بیانوویەک قبوڵکراو نییە، چونکە مەترسی بۆ سەر گیانی هاوڵاتیان و ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بۆ ناوچەکە دەهێنێتە ئاراوە.
بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆم بۆ خانەوادە و کەسوکاری شەهیدەکان رادەگەیەنم و داواکارم لە یەزدان دڵنەوایی و ئارامییان پێ ببەخشێت، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٣/٢٤