کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان، دانیشتوانی تێکۆشەری کەرکوک!
لەساڵیادی ئازادکردنی شاری کەرکوکی قودسی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و جەماوەری کەرکوک بەتایبەتی دەکەم کە بەخوێنی گەشی رۆڵەکانیان و هەڵمەتی پڵنگ ئاسای پێشمەرگە، توانییان بۆ یەکەمجار تەواوی شارەکەیان لەدەسەڵاتی خۆسەپێنی بەعسیەکان پاک بکەنەوە، هەروەک پیرۆزبایی لەو پێشمەرگە قارەمانانە دەکەم کە شەرەفی بەشداریکردنیان لە رزگارکردنی شارەکەدا بەرکەوت.
نەورۆزی ساڵی 1991، بۆ کەرکوکییەکان، تەنها یادێکی ئاسایی ساڵی نوێی کوردی نەبوو، بەڵکو جەژنی رزگاری یەکێک لە گرنکترین شارە کوردستانییەکان، ئاوێتەی بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز بوو.
لەو رۆژە پرشنگدارەدا و دوای ئازادکردنی زۆربەی هەرەزۆری ناوچەکانی باشووری کوردستان، بۆ یەکەمجار کوردستانیانی کەرکوک، لەسایەی ئازادبوونی شارەکەیاندا، سەربەستانە، ئاگری نەورۆزیان کردەوە.
ئەگەرچی شادیی و دڵخۆشییەکانی بەهاری کەرکوکییەکان لەژێر بۆردوومانی بێ بەزەییانەی پاشماوەکانی سوپای عێراقدا دەردەبڕان کە کوێرانە، لە سەربازگەی خالیدەوە بۆردوومانی شاریان دەکردو بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیی مەدەنی و پێشمەرگە شەهیدبوون، بەڵام سەرباری ئەوەش ساڵیادی ئازادکردنی کەرکوک لە حوکمی بەعسییەکان، وەک لاپەڕەیەکی پرشنگداری نێو مێژووی شارەکە و کوردستان بەگشتی دەمێنێتەوەو خەڵکی کەرکوک بەشانازییەوە یادی دەکەنەوە.
ئازادکردنی کەرکوک، چەندین واتای قووڵ و، دەلالەتی گەورەی نەتەوەیشی هەبوو، هاوکات رزگارکردنی ئەو شارە گرنگە، سەرباری ئەو هەموو رێوشوێنە سەربازیی و هەواڵگرییە تۆکمەیەی بەعسییەکان، راستییەکی حاشاهەڵنەگری بۆ سەلماندینەوە کە ئەگەر هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، یەکڕیز و یەکدەنگ بن و لەژێر رێبەرایەتییەکی واقیعبینانەی یەکگرتوودابن، دەتوانن رووبەڕووی مەحاڵ ببنەوەو دەستکەوتی گەورەو ستراتیژی بۆ میللەت بەدەستبهێنین.
لەم یادە پیرۆزەدا، سەری رێزو وەفا دادەنوێنم بۆ گیانی پاکی ئەو فەرماندەو پێشمەرگە و هاوڵاتیانەی لە هەڵمەتی رزگارکردنی کەرکوکدا شەهیدبوون. سڵاو لە رۆحی پاکی ئەو گەنجانەی ماوەیەکی کەم پێش ئازادکردنی کەرکوک، لە رەشبگیرییەکەی عەلی کیماییدا، گوللەباران کران. تەوای ئەو شەهیدانە، هەمیشە یادەورییان لە دڵ و دەروونماندا بەزیندوێتی دەمێنێتەوە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
20ی ئاداری 2026