/   کوردستان

پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە

2026-03-20

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییانی ئازیز، بە تایبەت پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم، هیوادارم ئەم جەژنە لە کەشێکی ئارام و پڕ لە خۆشیی و بەختەوەری بەسەر ببەن.

جەژنی نەورۆز بۆ ئێمەی گەلی کورد جگە لە نوێبوونەوەی سروشت بە هەموو مانا جوانییەکانیەوە، رۆژی سەرکەوتنیشە بە سەر زوڵم و زۆرداری، هەروەها ئاگری نەورۆز لە مێژووی نەتەوەیی گەلەکەماندا هەمیشە هێمایەک بووە بۆ سەربەخۆیی و گەیشتن بە خۆری ئازادی، بۆیە هەموو ساڵێک گەلی کوردستان ئەم یادە پڕ شکۆیە بەرز و پیرۆز دەنرخێنێت و بە شێوازی جیاجیا و بە جۆشوخرۆشێکی زۆرەوە خۆشییەکانی بۆ ئەم جەژنە دەردەبڕێت.

بە داخەوە کە نەورۆزی ئەمساڵمان هاوکاتە لەگەڵ دۆخی ناهەمواری ناوچەکە و ئەو گرژیی و ئاڵۆزییانەی کەوا خەریکە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بە سەر ناوچەکەماندا ڕەنگبداتەوە، لێرەدا گرنگە کۆی لایەنە سیاسیی و گشت پێکهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کار بکەن لەپێناو ئایندەیەکی باشتر و پاراستنی خاک و نیشتیمان و دورخستنەوە ئەو شەڕ و ماڵوێرانییەی کە لە دەوروبەردا بوونی هەیە.  

نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی هەموو لایەک پیرۆز بێت، وڵاتیش هەر ئاوەدان و پارێزراو بێت.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠ی ئاداری ٢٠٢٦

زیاتر بخوێنەوە