لە یادی (٣٥)ـەمین ساڵەی راپەڕینە پڕ شکۆ و جەماوەرییەکەی گەلی کوردستاندا، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی گشت کوردستانییانی ئازیز، پێشمەرگە قارەمانەکان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، خانەوادەی قوربانییانی ئەنفال و کیمیاباران، دەکەم.
راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی (١٩٩١) لە دەرئەنجامی زوڵم و ستەمی ئەو کاتەی ڕژێمی بەعس بوو دەرحەق بە خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان، رانیەی دەروازەی راپەڕین دەستپێکی یەکەم گڵپەی ئەم دەنگە ناڕازییە بوو کە تاجی شکۆی سەرکەوتن و سەروەری بۆ گەلی کوردستان نەخشاند و دەنگی حەقی گەلێکی ماف خوراوی سەرخست بە سەر جەور و ستەمی ڕژێمێکی دیکتاتۆردا.
پیرۆزیی یادی ڕاپەڕین، بەرپرسیاریەتییەکی گەورە و مێژوویی دەخاتە سەرشانی کۆی لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەت بۆ ئەم قۆناغە هەستیارەی ئێستا، کە دەبینین جەنگ و ماڵوێرانی دۆخی ناوچەکەی بەگشتی شلەقاندووە.
لێرەدا گرنگە سەرکردایەتیی گەلی کوردستان قووڵتر بیر بکاتەوە و هەنگاوی جددی بنێت بۆ دورکەوتنەوە لەم شەڕ و ئاشووبەی کە خەریکە بەرۆکمان دەگرێت، چارەسەریش بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە تەنها یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان کۆی لایەنە سیاسییەکانە، لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە ڕێگای گفتووگۆ.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕینە مەزنەکە و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٣/٥