لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی دیپلۆماسی و سەربازیی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆسەی چاکسازی و یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو.
لە گفتوگۆکاندا، کە بە سەرپەرشتیی بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و خاتوو وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە، دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە خرانە ڕوو.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەنگاوی هاوبەش بۆ خێراکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکاری لەنێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ کرا.