/   کوردستان

جێگری سەرۆکی هەرێم سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان کرد

2026-01-23


بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە ئەمریکا بوو چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک لە سیناتۆر و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە هەردوو پارتی کۆماریی و دیموکراتەکان پێکهاتبوو، هەروەها چەند کەسایەتییەکی سیاسی و شرۆڤەکار و شارەزا لە کاروبارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەنجامدا.

بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم لە دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە واشنتۆن، سوپاس و پێزانینی زۆری هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاریی و پشتگیریی بەردەوامى ئه‌مريكا له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، هەروەها سوپاسی تایبەتی کۆنگرێسی ئەمریکای کرد، سەبارەت بە پاڵپشتییەکانیان لە پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و دروستبوونی هێزێکی نیشتمانی لەپێناو سەقامگیریی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و جەختیشی لە پەرەپێدان و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش کردەوە. 

هەر لە دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، باس لە دوایین بارودۆخی عێراق و ناوچەکە، لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرا، هەروەها ڕووداو و پەرەسەندنە هەرێمییەکان و کاریگەرییەکانی لە سەر عێراق و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەهێزکردنی ئارامیی و ئاسایشی ناوچەکە، بەشێکی تری نێو کۆبوونەوە و گفتووگۆکانیان بوو.

لە میانەی سەردانەکەی بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ ئەمریکا، کۆنگرێسمانان و بەرپرسانی سیاسیی و شرۆڤەکارانی بواری سیاسی و ئەمنی ئەمریکا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیان بە سەردانەکەی بەڕێزیان، ڕێز و پێزانینی زۆریشیان بۆ هەرێمی کوردستان و ئازایەتی و قارەمانێتیی و قوربانیدانی پێشمەرگە دەربڕی، هەروەها جەختیشیان لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە.

زیاتر بخوێنەوە