/   کوردستان
جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ کۆنگرێسمان جۆ ویڵسن کۆبووەوە
2026-01-19
ئەمڕۆ دووشەممە 2026/1/19 لە بارەگای کۆنگرێسی ئەمەریکا لە واشنتۆن، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم سوپاسی ئەمریکا و بەڕێز جۆ ویڵسن_ی کرد کە بەردەوام پاڵپشتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستانن و جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و برەودان بە هاریکاریی هاوبەش کردەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی داعش لە عێراق و سووریا و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەیان، لەپێناو بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
لای خۆیەوە بەڕێز جۆ ویڵسن، پشتیوانیی ئەمریکای بۆ کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دووپات کردەوە و بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان دوا، لەپێناو پاراستن و فەراهەمکردنی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.