ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەشرینی یەکەم، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، هاوڕێ لەگەڵ هەڤاڵان رەفعەت عەبدوڵا جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تەلار لەتیف ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی ناوەندی یاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازیکرد لە ژمارەیەکی زۆر لە پارێزەرانی سنووری پارێزگای سلێمانی.
لەدیدارێکدا کە هەڤاڵ جوتیار نوری ئامادەیبوو، لێپرسراوی ئەنجومەن بەئامادەبووانی راگەیاند؛ ئێوە کۆمەڵێک پارێزەری گەنجن و لەو تێکۆشەرانەن کە پێگە و سەنگی باشتان هەیە لەنێو کۆمەڵگەدا و لەلایەن خەڵکەوە گوێتان لێدەگیرێت، هەر بۆیە پێویستە جگە لە ئەرکە یاساییەکانتان، تواناکانتان بۆ سەرخستنی بەرنامەکانی یەکێتی و لیستی 222 تەرخان بکەن.
هاوکات باسی لە مێژووی پڕ لە شانازی یەکێتی بۆکردن کە چۆن لە رۆژکارێکی رەشی پڕ لە نائومێدیدا هیوای بۆ خەڵکی کوردستان گێڕایەوەو بەخوێن پارێزگاری لە کۆمەڵانی خەڵک کردو لە قۆناغەکانی دواتریشدا کۆمەڵانی خەڵکی لە بەڵای تیرۆرو تیرۆریستان پاراست و
لەوپێناوەشدا زیاتر لە 27 هەزار شەهیدی بەخشی بە خاکی پیرۆزی کوردستان.
سەبارەت بە دوا پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنیش وتی: پێمان باش بوو لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کوردستاندا یەک لیستی هەڵبژاردنمان هەبێت، لانیکەم لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا، بەڵام رێگری هەبوون و ئەو کارە نەکرا. ئێستا ئێمە لیستێکی پاک و شایستەمان هەیە بەناوی "222" و لەباشترین رۆڵەکانی گەلەکەمان پێکهاتووە. بۆیە پێویستە هەمووان لەپێناو پشتیوانیکردن لە خواستی میللەتەکەمان لەسەر ئاستی عیراق، کاری جددی بکەین بۆ سەرخستنی ئەو لیستە.
پاشان، هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵا، لە وتەیەکدا باسی لەوەکرد کە یەکێتی لەئێستادا پێگەیەکی بەهێزی لە بەغدا هەیە و لایەنە عیراقی و کوردستانییەکانیش ئیعتیبار بۆ ئەو پێگەیە دادەنێن و تەنانەت سەرۆک وەزیرانی عیراق سوپاسی سەرۆکی یەکێتی کرد کە رۆڵی سەرەکی هەیە لە رێککەوتنەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. هەربۆیە پێویستە بۆ بەهێزکردنی ئەو پێگەیە، هەمووان هەوڵەکانمان بخەینەگەڕ تاکو زۆرترین کاندیدی لیستی 222 بنێرینە بەغدا کە بێگومان لەوێوە دەتوانرێت کار لەسەر دەرکردنی ئەو یاسایانە بکرێت کە لە بەرژەوەندیی میللەتەکەماندایە.
هەر لەو دیدارەدا، خاتوو تەلار لە تیف، لێپرسراوی ناوەندی یاسایی یەکێتی، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ستایشی رۆڵی بەرچاوی پارێزەرانی کرد لە پشتیوانیکردنی کاندیدانی لیستی 222ی یەکێتیدا.