/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: دەربەندیخانی و قەرەداخییەکان خۆیان خاوەنی یەکێتین

2025-10-25
ئەمڕۆ شەممە 25ی تەشرینی یەکەمی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگوندی "مچە کوێر" ی ناوچەی قەرەداخ، سەرپەرشتی کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی فراوانی کرد کە 
لەلایەن بەڕێز ئاسۆی حەمەڕەوف، بۆ دانیشتووانی ناوچەکانی قەرەداخ و دەربەندیخان رێکخرابوو، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لەلیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 
لەو کەرنەڤاڵەدا کە هەڤاڵان شێخ ئەحمەد حەمەکەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی بازنەی هەڵبژاردنی گەرمیان و سالار مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیان و جەمالی عەلی مینا لێپرسراوی بازنەی (20)ی هەڵبژاردنی دەربەندیخان و ژمارەیەکی زۆر لەکەسایەتی کۆمەڵایەتی و نوێنەرانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە ئامادەیبوون، هەڤاڵ شێخ جەعفەر باسی لەخۆڕاگریی و هەڵوێستی جوامێرانەی دانیشتووانی ناوچەکانی دەربەندیخان و قەرەداخ کرد کە هەرگیز سەریان بۆ داگیرکەران دانەنواندووەو لەشۆڕشی نوێی گەلەکەماندا ژمارەیەکی زۆر لەڕۆڵەکانیان کردووەتە قوربانی و دانیشتووانەکەشی دووچاری ئەنفال و راگواستن و سوتماک کردنی خاکەکەیان بوون.
باسی لەوەشکرد جەماوەری ئەم دوو ناوچەیە بەباشی مێژووی پڕ لەشکۆی یەکێتی شارەزان و روونە لایان چۆن لەوپەڕی نائومێدیدا یەکێتی بەرەنگاری رژێمی بەعس بووەوەو هیوای بۆ ئەوان و تەواوی خەڵکی کوردستان گێڕایەوە، بۆیە ئەوان خۆیان خاوەنی یەکێتین.
 
پاشان لێپرسراوی ئەنجومەن، باسی لەوەکرد لەدوای راپەڕین، خودی سەرۆک مام جەلال گرنکی زۆری بەم ناوچەیە داوە، هاوکات یەکێتیی ئەوەندەی بۆی کرابێت خزمەتی ئەم ناوچانەی کردووەو قوتابخانەو پرۆژەی ئاوو رێگاوبان و بنکەی تەندروستی بۆ دابینکردوون، بۆ لەمەودواش لەبەرنامەیدایە زیاتر خزمەتیان بکات، بۆیە دڵنیاین دانیشتووانی بەئەمەکی ناوچەکە پشتیوانی لەیەکێتی و بەرنامەکانی دەکەن.
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنیش، جەختیکردەوە کە لەئێستادا هەڵبژاردن تەنها بابەتێک نییە پەیوەندی بەیەکێتییەوە هەبێت، بەڵکو بووەتە پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی، ئێستا جەماوەری گەلەکەمان دەتوانن بەدەنگەکانیان، لەبەغدا، داکۆکی لە مافە رەواکانیان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش گرنگە کە پاڵپشتی لەلیستی 222ی یەکێتی بکەن کە کەسانی باش و خاوەن ئەزموونی کردووەتە کاندید، بۆ ئەوەی لەڕێی دەرچواندنی یاسای گونجاو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، باشتر خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن. 
روونیشیکردەوە، هەربۆیە پێویستە لەڕۆژی دەنگداندا، خۆتان و کەسوکارتان، بەتایبەتی دایکان و خوشکان کە بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەن، رووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن بەکاندیدە دەستەبژێرەکانی یەکێتی و پشتیوان بەخواو بەمیللەت، ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕین.
 
لەبەشێکی دیکەی کەرنەڤاڵەکەدا، هەریەک لەهەڤاڵان شێخ ئەحمەد حەمەکەریم و جەمالی عەلی مینا، وتەیان پێشکەشکردو باسیان لەگرنگی و بایەخی پشتیوانیکردنی لیستی 222 کرد.
 

زیاتر بخوێنەوە