/   هەواڵی ئەنجومەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەقەرەداخ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی فراوانی کرد بۆ پشتیوانی لیستی ٢٢٢ی یەکێتی

2025-10-23
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تەشرینی یەکەمی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە قەرەداخ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری فراوانی کرد، بۆ پشتیوانیکردن لە لیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا کە هەزاران کەس لە خەڵکی ناوچەکە و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و نوێنەرانی چین و توێژە جیاجیاکان و ژمارەیەکی زۆر لە لێپرسراوانی حزبی ئامادەیبوون، سەرەتا هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن باسی لە مێژووی پڕ لە سەروەری دانیشتوانی قەرەداخ کرد کە لە رووی خوێندەواریی و رۆشنبیرییەوە ناوچەکە مەڵبەندێکی گرنگی زانست و عیرفان بووەو تەکییەکانی ناوەندی بڵاوکردنەوەی خوێندەواری و لێبوردەیی و ئاکاری جوان بوون و چەندین زانا و کەڵەپیاوی تێدا هەڵکەوتووە، تەنانەت فێرخوازان لە هیندستان و پاکستانەوە هاتوون بۆ قەرەداخ بۆ وەرگرتنی زانست و مەعریفە، هاوکات بەدرێژایی شۆڕشەکانی کورد قەرەداخ مەنزڵگە و مەکۆی خەباتگێڕان بووەو خەڵکەکەشی هەردەم پشتوپەنای شۆڕش بوون و لەو پێناوەشدا شەهیدی زۆریان پێشکەش بە کوردستان کردووە، لەبەرانبەریشدا رژێمە ستەمکارەکانی عیراق بێ ئەندازە رق ئەستوور بوون بەرانبەر بە خاک و خەڵکەکەی، تا کارگەیشتە ئەنفالکردنی تەوای ناوچە و کیمیابارانکردنی سێوسێنان و دوکان و سەنتەری قەرەداخ و چەندین گوندی تری قەزاکە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو زوڵم و زۆرە، خەڵکی قەرەداخ سەربەرزانە رووبەرووی رژێم دەبوونەوەو دوای راپەڕینیش جارێکی دیکە ناوچەکەیان ئاوەدانکردەوە.
 
پاشان، هەڤاڵ شێخ جەعفەر، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک مام جەلال هەمیشە گرنگی تایبەتی بەناوچەی قەرەداخ دەدا و دەستپێشخەریی و کاری باشی لەسەر ئاوەدانکردنەوەی کردووەو بەردەوام سەردانی دەکردو هەوڵیداوە بەشێک لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بهێنرێنە قەرەداخ، هەر لەو بارەیەشەوە مژدەی بەئامادەبووان دا کە وەزیری خوێندنی باڵا بەڵێنی داوە پەیمانگایەکی کشتوکاڵیی لە قەزاکە دابمەزرێنێت.
وەکو حزبیش یەکێتی هەردەم بایەخی شایستەی بەناوچەکە داوەو دەستی ئاوەدانکردنەوەی بۆ درێژکردووەو خزمەتگوزاری باشی پێشکەش کردووە، هەربۆیە لەسەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، پێویستە قەرەداخییەکان بە ژن و پیاو و پیرو گەنجەوە پشتیوانی لە لیستی 222 بکەن و رۆژی 11/11خۆیان و کەسوکارەکانیان بەرەو ناوەندەکانی دەنگدان بچن و دەنگ بە لیستی شەهیدان بدەن.
 
 
لەبەشێکی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەدا، هەریەک لە بەڕێزان شێخ دلێر شێخ مستەفا، کەسایەتی دیاری ناوچەکە و د. رێکەوت حەمەڕەشید سەرۆکی لیستی یەکێتی لە سلێمانی و شیرین مەحمود قائیمقامی قەزاکە و خالیدی حاجی وادی لێپرسراوی بازنەی 19ی قەرەداخ وتەیان پێشکەش کردو پاشان ژمارەیەک لە کاندیدانی لیستی 222ی خۆیان بەئامادەبووان ناساند.
 

زیاتر بخوێنەوە