ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تەشرینی یەکەمی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، ئامادەی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بوو کە بۆ پشتیوانیکردنی لیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کاندیدی ژمارە 20ی لیستەکە، خاتوو لەیلا کریم حەمادی، لە بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی، رێکخرابوو.
لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر لە وتەیەکدا باسی لە مێژووی پڕ لە شانازی یەکێتیی و خەبات و قوربانیدانی جەماوەرەکەی کردو ئاماژەی بەوەکرد کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەقۆناغێکی پڕ لە نائومێدی خەڵکی کوردستان دامەزرا، بەڵام لەماوەیەکی کەمدا توانی ئەو نائومێدییە نەهێڵێت و شکست بە پیلانی لەناوبردنی میللەتی کورد بهێنێت و دواتریش لە راپەریندا کۆمەڵێک دەستکەوتی نەتەوەیی گرنگی بۆ کورد بەدەستهێنا.
پاشان ئاماژەی بەوەکرد کە قۆناغی ئێستا جیاوازەو خەباتی دیموکراسی و پەرلەمانی دوو خەسڵەتی دیاری قۆناغەکەن و پێویستە جەماوەری کوردستان بەباشی لەو راستییە بگەن کە دەتوانن لەڕێی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە گۆڕانکاریی ریشەیی دروست بکەن، هاوکات دەتوانرێت لەڕێی رەوانەکردنی زۆرترین ژمارەی کاندیدی بەتوانای نێو لیستی 222ی یەکێتی، دەستکەوتی گەورەی نیشتمانیی و نەتەوەیی بەدەستبهێنرێت و یاسای گونجاو دەربکرێت کە لەبەرژەوەندی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستاندا بێت.
لەو نێۆەندەشدا ئاماژەی بەقوربانیدانی خانەوادەی خاتوو لەیلا کەریم کرد کە لەشەڕی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریستاندا لە گوندی "خێڵی حەمە" هاوسەرەکەی و برایەکی هاوسەرەکەشی شەهیدبوون، هەربۆیە شیاوی ئەوەیە پشتیوانی بکرێ، داواشی لێکردن هەمووان لەڕۆژی هەڵبژاردندا سندوقەکانی دەنگدان بە 222 سەوزپۆش بکەن.