ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٥/٨/٢٨ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریکرد لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی حیزبە سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەبی لە شاری سلێمانی.
لە دووەم ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا، کە ئامانج تیایدا پتەوکردنی پەیوەندییە هاوپەیمانییەکانی نێوان بزووتنەوە پێشکەوتووخوازەکانی عەرەب و کورد و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان پارتە سۆسیال دیموکراتەکانە، کۆمەڵێک میوان لەسەر ئاستی سەرکردەی باڵا و کەسایەتی سیاسیی و نوێنەرانی ووڵاتان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، تیایدا بەشدار بوون.
لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ بەڕێز دکتۆر لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق باسیان لە دوایین بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێم و عێراق، لەسەر بنەمای دەستوور و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن.