ئەمڕۆ شەممە 6 23ی ئابی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن، پێشوازییکرد لە ژمارەیەک کەسایەتی کۆمەڵایەتی و نوێنەرانی چین و توێژە جیاجیاکانی سنووری مەڵبەندی رێکخستنی نەینەوا.
لەدیدارێکدا کە هەڤاڵان، سمکۆ ئەسعەد راوێژکاری ئەنجومەن و مامۆستا جوامێرو جوتیاری نوری و
رەمزی هەرکی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 7ی نەینەوا ئامادەیبوون، لێپرسراوی ئەنجومەن، تیشکی خستەسەر رۆڵی دانیشتوانی سنووری نەینەوا لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی کوردستان و عیراقدا کە پێگەی بەرچاویان هەبووە، بەڵام بەهۆی نالەباری دۆخی ئەمنی ناوچەکەیان و جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشەوە، لەئێستادا ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی شارو شارۆچکە جیاجیاکانی هەرێمی کۆردستان بوون.
هەڤاڵ شێخ جەعفەر پێی راگەیاندن؛ ئەو هاوڵاتییانەی سنووری نەینەوا لە ئێزدی و عەرەب کە بەهۆی جەنگی دژ بەتیرۆریستانەوە ئاوارەبوون، لێرە لەلایەن دانیشتوانی سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی هەرێمەوە رێزلێگیراون و ئیدارەی ئێرەش ئەوەی لەتوانایدا بووبێت
بۆی کردوون.
باسی لەوەشکرد کە دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیش لە چەندین سەردەمی جیاجیادا ناچار بە کۆچ و ئاوارەبوون کراون، بەڵام بەهۆی ئیرادەی بەهێزی خۆیانەوە توانیویانە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و دووبارە فاکتەرەکانی ژیان و بژێویی دەستەبەر بکەنەوە، بۆیە پێویستە ئێوەش بەئیرادەیەکی بەهێزەوە بۆ داهاتووی خۆتان و رۆڵەکانتان و زێدی خۆتان بڕوانن.
هاوکات سیاسەت و تێڕوانینی نیشتمانیی و مرۆڤدۆستانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بۆ ئامادەبووان روونکردنەوە کە بڕوای بە فرەڕەنگی کۆمەڵگە و کەلتوورە جیاوازەکان هەیە و هەمیشە دژی رەگەزپەرستی و زاڵکردنی نەتەوەیەکە بەسەر نەتەوەیەکی تردا.
باسی لەوەشکرد کە لەمێژووی عیراقدا زۆربەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان بە زەبری هێز ئەنجام دراون، بەڵام ئێستا لە سەردەمێکی نوێداین و دەبێت لەمەودوا هانی عیراقییەکان بدرێت کە پەرە بە خەباتی دیموکراسی و پەرلەمانی بدەن و لەڕێی رێکارە دیموکراسییەکانەوە گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدیبهێنن.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ژمارەیەک لە ئامادەبووان راو سەرنجی خۆیان سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەت دەربڕی، دواتریش لەسەر ئەرکی هەڤاڵ شێخ جەعفەر نیوڕۆخوانێکیان بۆ رێکخرا.