ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 4ی نیسان، هه‌ڤاڵ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له باره‌گای ئه‌نجومه‌ن، پێشوازی كرد له لیوا روكن رزگار جه‌بار محه‌ممه‌د، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی به‌رگری و فریاكه‌وتن و ژماره‌یه‌ك له ئه‌فسه‌رانی باڵای فه‌رمانده‌ییه‌كه.
له‌دیدارێكدا، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی به‌رگری و فریاكه‌وتن، وێرای پیرۆزبایی كردن له هه‌ڤاڵ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكان، كورته باسێكی له كار‌و چالاكییه‌كانی فه‌رمانده‌ییه‌كه‌یان پێشكه‌ش كرد له‌بواری رێكخستنه‌وه و په‌ره‌پێدانی تواناكانی هێزی پێشمه‌رگه‌دا.
له‌به‌رانبه‌ردا، لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكان، باسی له‌وه‌كرد كه هه‌موومان ئه‌ركێكی قورسمان له‌ئه‌ستۆدایه كه خۆی له‌به‌رگریكردن له ده‌ستكه‌وته‌كانی راپه‌ڕین و پاراستن خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمدا ده‌بینێته‌وه، ئاماژه‌ی به رۆڵی به‌رچاوی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن و خوودی لیوا روكن رزگار جه‌بار كرد له داستانه‌كانی به‌رگری له حكومه‌تی هه‌رێمی، له‌نێویشاندا داستانه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش، كه زۆرجار ئه‌و و شه‌هید شێركۆ فاتیح به‌ژماره‌یه‌كی كه‌م له پێشمه‌رگه‌كانیانه‌وه سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌یان تۆماركردووه. هاوكات تیشكیخسته‌ر پێكهاته‌ی فه‌رمانده‌یی پێشمه‌رگه‌ی به‌رگری و فریاكه‌وتن و رایگه‌یاند كه باشترین پێشمه‌رگه‌و ئه‌فسه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه له چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی به‌رگری و فریاكه‌وتندا كۆبوونه‌ته‌وه، ئاماده‌یی خۆشی ده‌ربڕی كه له هه‌ر پێگه و پۆستێكدا بێت هه‌میشه پاڵپشت و پشتیوانیان ده‌بێت.