ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی مەڵبەندی ٣ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و لە لایەن بەڕێز ڕێباز بێرکۆتی، لێپرسراوی مەڵبەند و جێگران و کارگێڕان و کادیرانی مەڵبەندەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
لە کۆبونەوەیەکدا، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سوپاسی لێپرسراو و گشت کادیرانی مەڵبەندی ٣ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد لە بەرانبەر راپەڕاندنی ئەرکەکانیان و خزمەتکردنی چین و توێژەکانی شاری هەولێر بە بێ جیاوازی. لەم سۆنگەیەوە هەموو پاڵپشتییەکی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی کاروبارەکانیان دووپات کردەوە، دواتر تیشکی خستەسەر مێژوو و خەباتی پڕ لە تێکۆشانی یەکێتی و قۆناغی ئێستای نێو پڕۆسەی حوکمڕانیی و بەرنامە و کاری نوێی حزبی شەهیدان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جەختی لە گرنگیی یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کردەوە، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، هەروەها هیوای خواست بە هەوڵ و تێکۆشانی کۆی لایەنەکان و یەکخستنی بۆچوونەکان، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خێرایی پێکبهێنرێت، چونکە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێکدا نییە. ئامادەیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیشی بۆ ئەم پرسە وەک فاکتەرێکی بەهێز نیشاندا.