/   ی.ن.ک

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی دەکات

2026-10-10
ئەمڕۆ شەممە 10ی تەشرینی یەکەمی 2026، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی مەڵبەندی (1)ی رێکخستنی سلێمانی کردو لەلایەن هەڤاڵ سەرکەوت زەکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی، سەرپەرشتیاری مەڵبەندەکانی سلێمانی و چەمچەماڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی مەڵبەندەو بەگەرمیی پێشوازی لێکرا.
لەدیدارێکدا، تیشکخرایەسەر رۆڵی دامەزراوە و ئۆرگانە جیاجیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەماهەنگی بەردەوام، بۆ بەدیهێنانی ئامانج و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی یەکێتی، هاوکات باس لە گۆڕانکارییەکانی نێو ئۆرگانەکانی حزب و شێوازی پەرەپێدانی ئۆرگانەکان و گەشەپێدانی ئەرک و هەڵسوڕانی هەڤاڵان. لەو بارەیەوە هەڤاڵ لێپرسراوی ئەنجومەن جەختی لەسەر بایەخی گۆڕانکارییەکان کردەوە بەجۆرێک کە وەڵامدەرەوەی ئەم قۆناغەی کاری حزبی بن، هاوکات ستایشی تێکۆشانی تەواوی کادرانی مەڵبەندی کرد کە لەقۆناغی رابردوودا رۆڵی بەرچاویان هەبووە لەسەرخستنی بەرنامە و پلانە نیشتمانییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تەئکیدیکردەوە لەسەر بەگەڕخستنی توانای ئەو هەڤاڵانەو سوود وەرگرتن لە ئەزموونیان لەخەباتی رێکخراوەییدا. 
 
هەروەک شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، پشتیوانی خۆی و ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی بۆ سەرخستنی کارەکانی مەڵبەند دووپاتکردنەوەو ئەوەی خستەڕوو کە بینا و هۆڵی کۆبوونەوەو تەواوی بەشەکانی ئەنجومەن کراوەن لە بەردەم کارو چالاکییەکانی هەڤاڵانی مەڵبەنددا.
لەبەرانبەردا هەڤاڵ سەرکەوت زەکی و هەڤاڵانی مەڵبەند سوپاسی پشتیوانییە هەمیشەییەکانی لێپرسراوی ئەنجومەنیان کرد بۆ مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و سەرجەم ئۆرگانەکانی دیکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
 

زیاتر بخوێنەوە