/   ی.ن.ک

بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازی لە عەلی زەیدی دەکات

2026-05-02
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی راسپێردراوی عیراق کرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و خالید شوانی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و عەباس رازی، ئەمینداری چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەیبوون، دووپات لە پێویستیی خێراکردنی هەوڵی لایەنە سیاسییەکان لە عیراق و هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزی نیشتمانی و خزمەتگوزار لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە.
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی بەخێرهاتنی عەلی زەیدی کرد بۆ سلێمانی و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی گەنجێک ئەو پۆستە باڵایە لە عیراق وەردەگرێت و پشتیوانیی یەکێتی بۆ دووپاتکردەوە.
 
چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر کرایەوە و سەرۆک بافڵ وتی، ئامانجی ئێمە دروستکردنی حکومەتێکی بەهێزە کە ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان دابینبکات، ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەکان تێبپەڕێنێت و مافی تەواوی گەلانی عیراق و بە تایبەتی گەلی کورد بەگوێرەی دەستوور بپارێزێت.
 
لای خۆیەوە، عەلی زەیدی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی سلێمانی دەربڕی و سوپاسی بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد بۆ پشتگیرییەکانی یەکێتی و جەختی لە هەماهەنگی بەردەوامی لە نێوان هەردوولا بۆ دروستکردنی حکومەتی نوێی عیراق کردەوە.
 

زیاتر بخوێنەوە