/   ی.ن.ک

پەیامێک لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

2026-03-11


یادی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری هەولێر و ئازادکردنی ئەم شارە لە چنگی دوژمن، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، هەمیشە وەک دوو سەرکەوتنی پڕ شکۆ و سەروەریی دەمێنێتەوە لە مێژووی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا.

 هەرچەندە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنامەکە وەکو خۆیی و پاشگەزبوونەوەی حکومەتی بەعسی فاشیزمی ئەوسا لە ئاست داواکارییەکانی سەرکردایەتیی شۆڕشی کورد چارەنووسی گەلی کوردستانی بەرەو تونێلێکی نادیار برد، بەڵام شۆڕشی نوێ بەردەوامی بە خەباتی شۆڕشگێڕیدا تا ئەو کاتەی ئازایەتی و چاونەترسی خەڵکی کوردستان بە پاڵپشتیی پێشمەرگە قارەمانەکان، تاجی سەرکەوتنی ڕاپەرینیان خستە سەر و حوکمی ڕژێمی دیکتاتۆریان لە خاکی پیرۆزی کوردستان شکست پێهێنا.

پیرۆزیی یادی ڕاپەڕین و خەباتی ڕابردووی پڕ لە شۆڕشگێڕیمان، بەرپرسیاریەتییەکی گەورە دەخاتە سەرشانی کۆی لایەنە سیاسییەکانمان، لە بەرانبەر بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتییانی کوردستان.

بەرز و پیرۆز بێت یادی ئازادکرنی شاری قەڵا و منارە، درود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕاپەڕین و ڕێگای ئازادی کوردستان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
١١ی ئاداری٢٠٢٦

زیاتر بخوێنەوە