بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) كرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەیبوو، دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان تاوتوێ کرا.
جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی باسی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کرد و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی سووریای خستەڕوو.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە سوپاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد بۆ هەڵوێست و پشتیوانییەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
سەرۆک بافڵ رایگەیاند، لە پشتیوانیکردنی رۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبین تاوەکو دڵنیاببینەوە سووریا دەبێتە وڵاتێک کە هەمووان ماف و نوێنەرایەتیی خۆیان تێیدا دەبێت و حکومەتەکەشی دەرخەری هەمەچەشنیی کۆمەڵگەی سووریا بێت.