/   ی.ن.ک
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەشداریکرد لە ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی ٣ی هەولێر
2026-02-17
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٦/٢/١٧ بە ئامادەبوونی بەڕێزان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتیی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و کادیر و ئەندامانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی ٣ی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەڵبەند بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، بەڕێز ڕێباز بێرکۆتی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان وەک لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی ڕێکخستنی ٣ی هەولێر لە شوێنی بەڕێز دکتۆر مەجید حەمەدئەمین دەستبەکاربوو.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بەڕێز دکتۆر مەجید وەک لێپرسراوی پێشووی مەڵبەندی ڕێکخستنی ٣ی هەولێر کرد و ئەرک و ماندووبوونەکانی لە ماوەی کارکردنیدا، لەپێناو خزمەتکردنی مەڵبەندی سێ و کادیرانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و خەڵکی هەولێر بەرز نرخاند.
دواتر، پیرۆزباییەکی گەرمی ئاراستەی بەڕێز هەڤاڵ ڕێباز بێرکۆتی کرد، بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی ڕێکخستنی ٣ی هەولێری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها هەموو پاڵپشتیەکی خۆی بۆ بەرەوپێشبردنی ڕۆڵی یەکێتیی لە خزمەتکردنی شاری هەولێر و پێگەیاندنی کادیری بە توانا و دڵسۆز، لەپێناو گەشەسەندن و زیندوو هێشتنەوەی ڕۆحییەتی یەکێتییەکانی شاری هەولێر، لەسەر ڕێباز و سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال، بۆ بەڕێزیان دووپات کردەوە.