/   ی.ن.ک

هەڤاڵ شێخ جەعفەر ئامادەی کەرنەڤاڵێکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان بوو

2025-11-04


ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تەشرینی دووەمی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەهۆڵی تەلاری هونەر، بەشداریکرد لەکەرنەڤاڵی پشتیوانیکردنی لیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە لایەن کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانەوە رێکخرابوو.

لەو کەرنەڤاڵەدا، کە هەڤاڵ حاکم سوبحی ئامادەیبوو، هەڤاڵ شێخ جەعفەر، وتەیەکی پێشکەشکرد کە تیایدا وێڕای ستایشکردنی رۆڵی بەرچاوی پێشمەرگە دێرینەکان، لەتەواوی کایەی کوردایەتیدا، باسی لەمێژووی پرشنگداری یەکێتی کرد هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تا کاتی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و پلاندانان بۆ راپەڕین کە لە بنەڕەتدا بیرۆکەکەی لەلایەن سەرۆک مام جەلالەوە داڕێژرابوو، تا دەگاتە دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی کوردستان و بەدیهێنانی دەستکەوتگەلێکی نیشتمانی و نەتەوەیی.
ئاماژەی بەو راستییە کرد تا ژمارەی کورسییەکانی کورد، بەتایبەتی کورسییەکانی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق زۆربێت، سەنگی کورد بەهێزتر دەبێت و دەتوانین لەبەرژەوەدیی کورد کاریگەریمان هەبێت لەسەر ئەو یاسایانەی لە بەغدا دەردەچن.

هەر ئەمڕۆ هەڤاڵ شێخ جەعفەر، سەردانی بازنەکانی هەڵبژاردنی کرد لە گەڕەکەکانی زەرگەتە و کوردسات و شێخ محێدینی شاری سلێمانی کردو لەلایەن هەڤاڵان رێباز جومعە لێپرسراوی بازنەی 8ی زەرگەتە و عەبدولڕەحمان مینا لێپرسراوی بازنەی کوردسات و زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی بازنەی 6ی شێخ محێدین و ستافی هەرسێ بازنەکەوە بەگەرمیی پێشوازیی لێکرا.

لەسێ دیداری جیاجیادا، لێپرسراوی ئەنجومەن، هەوڵ و ماندووبوونی لێپرسراو و کادیرانی بازنەکانی هەڵبژاردنی بەرزنرخاند لە پشتیوانیکردنی لیستی 222 کە ماندوونەناسانە سەرقاڵی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیانن، هاوکات جەختی کردەوە لەسەر گرنگی بەشداریی بەرفراوانی گەنجان و ژنان لەهەڵبژاردندا، پێشبینیشی کرد جەماوەری گەلەکەمان بەجۆش و حەماسەوە رووبکەنە ناوەندەکانی دەنگدان و سندوقەکانی دەنگدان پڕ بکەن لە کارتی سەوز.

لەبەرانبەردا، لێپرسراوو ستافی بازنەکان، راسپاردەکانی لێپرسراوی ئەنجومەنیان بەگرنگ وەسفکرد و
 دووپاتیان کردەوە کە تەواوی تواناکانیان چڕدەکەنەوە بۆ سەرخستنی لیستی 222ی یەکێتی

زیاتر بخوێنەوە