ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تەشرینی یەکەم، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، هاوڕێ لەگەڵ هەڤاڵ تەلار لەتیف ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی ناوەندی کاروباری یاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازیکرد لە ژمارەیەکی زۆر لە مافپەروەرانی سنووری پارێزگای سلێمانی.
لەدیدارێکدا کە هەڤاڵان جوتیار نوری و شاهۆ عوسمان ئامادەیبوون، لێپرسراوی ئەنجومەن، سڵاوی سەرۆک بافڵ-ی پێگەیاندن و ئاماژەی بە پێگەی مافپەروەران کرد لەنێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا و پێی راگەیاندن؛ ئێوە توێژێکی گرنگ و کاریگەرن و رۆڵێکی گەورەتان هەیە لە کۆمەڵگەدا و لە هەڵبژاردنی پێشوودا جێ دەستان دیاربوو لە زیادکردنی دەنگەکانی یەکێتیدا. ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان بەرکەوتەی راستەوخۆیان لەگەڵ هاوڵاتیاندا هەیە، بۆیە بەباشی دەتوانن ئەو راستییەیان بۆ روونبکەنەوە کە سەرکەوتنی یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا چ کاریگەرییەکی باشی دەبێت لەسەر دەرچوواندنی ئەو یاسایانەی کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دایە، جگە لەوەش فاکتەرێکی بەهێز دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی میللەتەکەمان لەسەر ئاستی عیراق.
پاشان بەباسکردنی مێژووی پڕ لە قوربانیدانی یەکێتی، ئاماژەی بەوەکرد کە یەکێتیی هەمیشە لەبەرەی کۆمەڵانی خەڵکدا بووەو رەچەشکێنی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و ئەندازیاری راپەڕین و دامەزرێنەری سەرەکی حکومەتی هەرێمە، لەئێستاشدا خوازیارە لەڕێی خەباتی مەدەنیانەی دیموکراسییەوە داکۆکی لە قووت و بەرژەوەندی خەڵک بکات و لە بەغداوە شەڕی مافەکانیان بکات. لەو سۆنگەیەشەوە داوای لە ئامادەبووان کرد؛ تەواوی تواناکانیان بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی کاندیدانی دڵسۆزی لیستی 222 و دڵنیایشی دا بە مافپەروەران کە "پشت بەخوا دیداری داهاتوومان لەگەڵ ئێوەی بەڕێزدا دیداری سەرکەوتن و ئاهەنگگێڕان دەبێت، بەبۆنەی سەرکەوتنی لیستی 222ی یەکێتی".
هەر لەو دیدارەدا، هەریەک لە هەڤاڵان تەلار لەتیف و شاهۆ عوسمان وتەیان پێشکەش کردو وێڕای ستایشکردنی تێکۆشانی پیشەییانەی مافپەروەران، تەئکیدیان لەسەر بایەخی سەرخستنی کاندیدانی لیستی 222 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کردەوە.