/   ی.ن.ک

سەرۆک بافڵ داوا لەسەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات رێکارەکانی ناردنی مووچە خێراتر بکات

2025-10-11
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق لە بەغداد کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە نزار ئامێدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوون، دوایین پێشهات و ڕووداوەکانی عیراق و ناوچەکە تاوتوێ کران.
 
جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتیی هەرێمی کوردستان و عیراق و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەو ڕێککەوتنەدا خرانە بەر باس. سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عیراق کرد ڕێکارەکانی ناردنی مووچە خێراتر بکرێن تاوەکو کاتی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عیراق یەکبخرێت.
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عیراق و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کرد و جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی کرد بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی.
 
خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان لە هەرێمی کوردستان و عیراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عیراق خۆی کوڕی شەهیدە، بۆیە گرنگی تایبەتی بە کەسوکاری شەهیدان داوە و ئەوەش شایەنی پێزانینە.
 

زیاتر بخوێنەوە