بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی شەهید شیهاب لە قەڵاچوالان لەگەڵ کاندیدەکانی لیستی 222ـی یەکێتی لە سەرجەم بازنە و پارێزگاکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەڤاڵان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەکێتی، رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی، رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن ئامادەبوون.
سەرۆک بافڵ ستایشی کۆشش و ماندوبوون و هەوڵی کاندیدەکانی یەکێتی کرد کە دڵسۆزانە و پەرۆشانە کاردەکەن بۆ سەرخستنی یەکێتی و گەیاندنی پەیامەکەی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک و داوای لێکردن بە گڕوتینی زیاترەوە لەناو خەڵکدا بن و خزمەتیان بکەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، ئەرک و بەرپرسیارێتی هەموومانە لەگەڵ خەڵکەکەی خۆماندا کاربکەین بۆ داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان، وەک وتووشمانە ئەو هێزەی لە بەغداد دەتوانێت شەڕی مافەکانی هاوڵاتییان بکات بە دڵنیاییەوە یەکێتییە، بۆیە ئێمە هێزی خەڵک دەبین لە بەغداد.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لە بایەخی چڕکردنەوەی تەواوی هەوڵ و تواناکانی هەڤاڵان بۆ سەرخستنی لیستی 222ی یەکێتی کردەوە.