ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی حوزەیرانی 2025، هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەشدارییکرد لە پێنجەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
لەسەرەتای کۆنگرەکەدا، دوای بەخێرهێنانی ئامادەبووان و بەشداربووانی کۆنگرە لەلایەن هەڤاڵ فاروق عەزیز قادر(وەستا فاروق) سەرۆکی کۆمەڵەوە، کورتەباسێک لەسەر دامەزراندنی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان پێشکەش کرا.
دواتر وتاری هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن هەڤاڵ عیماد ئەحمەد پێشکەشکرا، پاشان برووسکەی پیرۆزبایی هەڤاڵ شێخ جەعفەر و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی سەرکردایەتی یەکێتی خوێندرایەوەو درێژە بەکارەکانی کۆنگرە درا.
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەساڵی 2006 دامەزرا و خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال، یەکەم ئەندامی کۆمەڵەکە بوو. ئامانجی سەرەکی کۆمەڵەکە، داکۆکیکردنە لە مافی پێشمەرگە دێرینەکان.
پەیامی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بۆ پێنجەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان
هەڤاڵانی بەڕێز، ئەندامانی بەشداربووی پێنجەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەبۆنەی بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی کۆمەڵە تێکۆشەرەکەتان، کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان، بە گەرمیی پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و بەرهەمدار ئەنجام بدەن.
هەڤاڵان،لەماوەی 19 ساڵی رابردووی کارو چالاکییەکانتاندا هەوڵێکی باشتان دا خزمەت بە توێژی پێشمەرگە دێرینەکان بکەن کە هیوادارم بۆ لەمەودواش درێژە بەو هەوڵانەتان بدەن و باشتر کار بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە دێرینەکان بکەن، ئەو توێژەی کە سەرتاپای ژیانی خۆیان و کەسوکاریان لەپێناو دۆزی رەوای گەلەکەماندا تەرخان کردو لەوبوارەشدا قوربانی زۆرو زەوەندتان پێشکەش کرد.
ئومێدی ئەوەتان لێدەکین ستافی نوێی کۆمەڵەکەتان کە لەم کۆنگرەیەدا هەڵدەبژێردرێن بتوانن ئەو کارو بەرنامانە تەواوبکەن کە ستافی پێش خۆیان دەستیان پێکردووە. هەروەک دەستخۆشی لە ستافی پێشووی دەکەین کە بەوپەڕی توانای خۆیانەوە کاریان کرد بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە دێرینەکان.
دووبارە پیرۆزبایی بەستنی پێنجەمین کۆنگرەتان لێدەکەین و وەک هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
15ی حوزەیرانی 2025